دیارە کەسایەتێکی پایەبەرزى وەکوو: مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان بۆ زۆر کەس پێش لەوەی کە خۆێ ببینن.. ناۆێ باشی دەبیسن.. بە ناوی باشی وکردەوە باشەکانی دڵگیری ڕەوشت وبیر وکردەوە باشەکانی دەبن.

منیش لە ساڵی (1993)ـى، زاينى، بوو.. کە یەکەم جار بە بینینی کتێبی: (سیمای صادق- فاروق اعظم)، مامۆستا ئەحمەدیانم ناسی، وئاگاداری پلە وپایەى بەرزی ئەم کەسایەتیيە بووم.. لەو کاتەدا من لە بەشی شەرێعەی زانکۆی تاران دەرسم دەخۆێند.. کە کتێبەکەم خوێندەوە.. زۆر حەزم لێ بوو بگەێمە خزمەتی.. بۆ خۆم بریارمدا بڕۆم بۆ مەهاباد، ولە نزیکەوە بیبینم.. پێم وایە بەهاری (۹۴)ـى، زایینی، بوو.. کە لە پێشانگاێ نێودەۆڵەتی کتێبی تاران گەێشتمە خزمەتی.. ڕۆێشتم وبە ئەدەبێکی زۆرەوە خۆمم پێ ناساند، و وتم: کە دانشجووی بەشى شەرێعەم، ویەکەم دانشجووم لە قسمی مەذهەبی شافێعی.

پێى وتم: کەوابوو (دکتور ئەسعەد شێخۆلئیسلامی) دەناسی.. وتم: بەڵێ.. مامۆستامە و زۆر بە بوونیان دڵخۆشم.. دکتور ئەسعەد کە خۆێ خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، ومامۆستای زانکوێ تاران بوو.. دەبوو بە کۆڕی خۆالیخۆشبوو (حاجى موحەممەدی شێخۆلئیسلامی سنە)، وپێشتر حاجى شێخۆلئیسلامی سنە، وحاجی عەبدولڕەحمان ئاغاى مۆهتەدی لە مامۆستایانی هەرە بەرز وبە ناوبانگی کۆلێژی ئێلاهیاتی زانکۆی تاران بوون، وبە دواى ئێنقلابی ئێرانێدا.. دکتور ئەسعەد شێخۆلئیسلامی بەرپرسی بەشی مەذهەبی شافعی لەوێ بوو.. کە من یەکەم دانشجووی بووم! بۆیە بە مامۆستا ئەحمەدیانم عەرز کرد.. بەڵێ! دکتور دەناسم، وهەر کارێکتان بێ‌، شانازیيە بۆ من.. لە خزمەتتان بم.. فەرمووی: دەى لە کتێبەکەی دکتور ئەسعەد کە لەسەر مەذهەبی ئەشعەری ومۆعتەزێلی نووسیگیيە.. لە چەن جێگا ئاماژەى بە کتێبی: (تبیین کذب المفتری) کردووە.. ماوەيێکە بە شوێنی ئەو کتێبەدا دەگەڕێم!

ئەمە ئەوەڵ ئاشنایەتی من لەگەڵ مامۆستا ئەحمەدیان بوو.. وە لە ساڵی (۱۹۹۷ ز) بۆ وانەوتنەوە لە تارانەوە دەڕۆيشتم بۆ مەهاباد. مامۆستا ئەحمەدیان تەشریفى لە مزگەوتی قيبلە بوو.. لە بەر دۆستایەتی لەگەڵ چەند برادەرێک.. کە لەوێ فەقێ بوون.. شەوان دەڕۆيشتم بۆ مزگەوت، و زۆرجار لەسەر دەرسی مامۆستا حازر دەبووم.. زۆرم پێخۆش بوو.. کە لە خزمەتیانم..

مامۆستا لەو چەن ساڵە.. چەندین کنێبی باشی بە زمانی فارسی نووسی.. دوو کتێبێ ژیاننامەى ئێمامی شافعی، و(علوم القرآن)ـەکەى.. زۆر بە دڵم بوون، وبە تایبەت بۆ وانە ودەرسە تایبەتيیەکان کەڵکم لێ وەردەگرتن.. دواتر کە خۆم ئێتر بە فەرمی مامۆستاى زانکۆ بووم لە سنە، هەمیشە بە دانشجوەکانم دەوت: یەقینتان بێ.. لە زمانی عەرەبیش هیچ ژیاننامەێیکی ئێمامی شافعی نابینن، وەکوو ژیاننامەکەى مامۆستا ئەحمەدیان ڕێک وجوان وپڕ لە داتا بێ!

 

بە ڕاى من مامۆستا چەند تایبەتمەندی بوو:

یەکەم: ئێخڵاس، واتە: دڵی هەوڵی دینداری، و ڕەزاى خوا بوو.. دینی لەبەر نان وناو، ومەقام وپۆست نەدەویست.. دینداریيەکەى بۆ ڕەزاى خوا بوو. 

دووهەم: چونکە بۆ ڕەزاى خۆدێ کاری دەکرد، بێ غۆروور بوو.. خۆى لە کەس زیاتر نەدەزانی.. خۆيشی لە کەس کەمتر نەدەزانی.. جگە لە خۆدا کەسی بە بێ عەيب نەدەزانی، وچونکوو خۆبەزلزان نەبوو.. لە هەر کەسێ کە شیاوی باس ولێکۆڵینەوە بێ.. یارمەتی دەگرت، وهەمیشە ئارەزووی بوو.. ئەگەر هەڵە وناڕاستێیک لە کارەکانیا بێ بیزانێت، وبە ڕووخۆشی هەڵەکانی قەبووڵ دەکرد.. ئەنجامی ئەم کارەى ئەوە بوو کە کتێب ونووسراوەکانی زۆر بە نرخ بوون، وکە لە چاپ دەردەچوون.. نەتدەتوانی بە ئاسایی هەڵەیان لێ بگری.

سێهەمین: خەسڵەتی مامۆستا ئەوە بوو کە بە پێچەوانەى بڕێ لە مامۆستایانی ئەو سەردەمە.. خۆێ لە بنچینەى زانستە قەدیميیەکان یەخسیر نەکردبوو، وهەوڵی دەدا لە هەر شوێنی زانستێکی دەسکەوێ، وە دەسی بێنێ.. کارى جحێڵەکانی بە کەم نەدەزانی، وکتێبە ڕۆشنبیريیەکانی ئەو سەردەمەى بە تایبەت لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئێرانی باش باش دەخۆێندەوە، وهیچ دیوارێکی مەذهەبی یان نەتەوەیی بە گرفت نەدەزانی.. کە کەڵکیان لێ وەربگرێ.. کە وابوو حەکیم بوو.. کە (الحكمة ضالّة المؤمن).. لە هەر کوێ حيکمەتی بدیبا.. وەرى دەگرت.

چوارەمین: تایبەتمەندی مامۆستا ئەحمەدیان ئەوە بوو.. کە دەيزانی چ بنووسێ.. واتە: ئەو شتانەى دەنووسی.. کە نیازی کۆمەڵگە بوون.. کۆمەڵگەى کوردی بە تایبەت لە ئێران پێداویستییەکانی تایبەتی خۆى دەویست.. مامۆستا ئەم پێداویستییەى دەزانی، وبە جوانی توانی بە زمانێکی سادە، وپاراوەوە.. وبە قەڵەمێکی جوانی فارسی ئەم نیازانە بەراوەرد بکات، وتێکڕا تینووەکانی زانینی سیڕاۆ کات. 

پێنجەمین: تایبەتمەندی مامۆستا بە ڕای من ئەوە بوو.. کە هیچ کاتێ سیپاڵی هیچ دەستە وگرووپ وحیزبێکی لەبەر نەکرد، وتا ئەو کاتەى مابوو.. بە پاکی ژیا.. دەست و زمان وئەخلاق و ڕەوشتی پاک بوو.. لەبەر ئەم ئێخڵاسە، ولەبەر ئەم پاکبوونە، ولەبەر ئەمە سەر بە هیچ کەس نەبوو.. خۆشەویستی هەمووان بوو.. هیوادارم خودايش خۆشی بۆیت، وبیبەخشێت، ولەگەڵ چاکان مەحشوری کات.. ئامین.

ڕوون­کردنەوە: 

وتاری «دکتۆر نەقشبەندی» کە لە لایەن دکتۆر «عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد» لە عەڕەبییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە سەرچاوەی خواروودا هاتوون:

ـ «الـملاّ عبداللّه أحـمدیان الـمَهَابادی، جهوده ومنهجه وآ‌راؤه فی التّفسیـر وعلوم القرآ‌ن»، تێزی دکتۆرای عبدالله ملا احمد، زانکۆی سلیمانی.